پرۆژەی ستراتیژی ئاوی ئاكرێ‌ بەو نزیكانە تەواو دەبێت



پرۆژەی ستراتیژی ئاوی ئاكرێ‌ بەو نزیكانە تەواو دەبێت

پرۆژەی ستراتیژی ئاوی ئاكرێ‌ كە ئاو بۆ زیاتر لە 18 گوندی ئەو ناوچەیە دابین دەكات،گەیشتۆتە قۆناغەكانی كۆتایی و لە ئایندەیەكی نزیكدا ئاو دەگەیەنێتە دانیشتوانی ئەو ناوچانە.
ئەمڕۆ دوو شەممە 18 ی كانوونی یەكەمی 2017،ئەندازیار مەسعود كاڕەش بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆ كارەكانی سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لەگەڵ بەڕێوەبەری ئاوی ئاكرێ‌ قۆناغی كۆتایی پرۆژەی ستراتیژی ئاوی ئاكرێی بەسەر كردەوە.
لەو بەسەركردنەوەیەدا بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆ دەستخۆشی لە ئەندازیار و سەرپەرشتیار و كرێكارانی پرۆژەكەو كۆمپانیاكانی جێبەجێكار كرد كە لە بارودۆخێكی سەختی ئابووری هەرێمی كوردستان پرۆژەكەیان نەوەستاند و گەیاندیانە قۆناغی كۆتایی.
بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆ ڕێنمایی پێویستی بە ئەندازیاران و سەرپەرشتیارانی پرۆژەكەدا كە وەك چۆن بە خەسڵەتی جیهانی و بەباشترین پێداویستی پرۆژەكە جێبەجێ‌ كراوە،بە باشترین شێوەش خزمەتگوزاری ئاو بگەیننە دانیشتوانی ئەو 18 گوندەی دەكەونە ناوچەكە.
جێی باسە پرۆژەی ستراتیژی ئاوی ئاكرێ‌ بڕی 116 ملیار دیناری لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بۆ خەرج كراوەو لەلایەن كۆمپانیاكانی هەردەم و عەمران و ئەڤیول جێبەجێ‌ دەكرێت.

Top